ئەندامی کۆچکردوو
پرۆفایلی هونەرمەندی کۆچکردوو
كەریم كابان.
عەبدولكەریم جەلال مەحمود. لە ٢٤/ ٢ /١٩٢٧ لە گەڕەكی مەڵكەندی شاری سلێمانی لەدایك بووە. نازناوی كەریم كابانە.
باوكی پیشەی چایچی بووەو لە هەمانکاتدا دەفژەنیێكی كارامە بووە. بەشداری زۆرێك لە مەولودنامەكان و سرووتە ئاینیەكانی كردووەوخاوەنی دەنگێکی خۆش بووە.
كەریم كابان، لە سەرەتای سییەكانی سەدەی ڕابردووەوە زۆر منداڵ بووە چۆتە بەر خوێندن لەحوجرە لەبەردەستی مەلادا فێری خوێندەواری بووە،هەروەك خۆی دەڵێت:- لەبیرم نایەت، كە نەخوێندەوار بووبم)
ساڵی ١٩٤٢ چۆتە قۆناغی ناوەندی، بەڵام بەهۆی كاریگەرییە نەرێنییەكانی جەنگی دووهمی جیهانهوه نەیتوانیوە بەردەوام بێت لە خوێندن.
(ساڵی١٩٤٥ ئەو ماوەیەی سەرقاڵی خوێندن دەبێت، لە شاری بەغا. لەسەر داوای بەڕێوەبەری ئیزگە(كامیلی كاكە مین) پێشنیاز دەكات، لە ئیزگە، گۆرانی بڵێت. لەبەر سەرقاڵی بە خوێندنەوە، توانیویەتی تەنیا ڕۆژانی هەینی لە كاتژمێر (٥ بۆ ٣٠ :٥) گۆرانی بڵێت. کە تەرخان كراوە بۆ هونەرمەند كەریم كابان. ئەم كارەی ماوەی سێ ساڵ تا ساڵی ١٩٤٧ بەردەوام دەبێت.
لە ڕێكەوتی (١/٧/١٩٤٥) یەكەم گۆرانی ڕاستەخۆ پێشكەش دەكات. كە گۆرانی (ئەمبەرەو بەرە بووە).
ساڵی١٩٥٤.(٨) گۆرانی لە ئیزگەی بەغداد بە هاوشانی تیپی موزیك بۆ تۆماردەکرێت، كە پێنج لە گۆرانییەكان، فۆ لكلۆرین و سیانیان تازەبوون و لە ئاوازی خۆی بوون لەوانە(خۆزگەم بە پار، ئاواتی دووری، لەڕێی دڵداریدا).
ساڵی ١٩٥٤لەگەڵ تیپی مۆسیقای مەولەوی و بەسەرپەرشتی قادر دیلان بەشداری ئاهەنگێکی گۆرانی وموزیکی لەشاری ڕانییە کردووە)
لە كۆتای شەستەكان و سەرەتای حەفتاكاندا، تەواو ئاسۆی بیری ئاوازدانانی مامۆستا پەرەی سەندووەو ئاوازەكانی بەوەرچەرخانێكی دادەنرێن. بە بەراورد بەو ئاوازە میلی و فۆلكلۆریانەی كە پێشتر هەبوون و باوبوون.
ساڵی ١٩٦١ ئاوازە بەناوبانگەكەی (درزی پەچە) دادەنێت و پێشكەشی هونەرمەند قادر كابانی برای دەكات. ئەم گۆرانییە لەگەڵ تیپی مۆسیقای سلێمانیدا تۆمار دەكات.
ساڵی ١٩٧٤ كابانی هونەرمەند پەیوەندی بە تیپی مۆسیقای شۆڕشەوە دەكات. پاشان لە گەڵیاندا گۆرانی (یاران وەسێتم و شەو) بە توانایەكی سادە، لە دێی وەسانی دۆڵی باڵەییان تۆماردەكات.
دووا بەرهەمی تۆماركراویشی، لە ساڵی ١٩٩٨دا بوو بە گۆرانی (تەمەن) دوای ئەم بەرهەمەش، گۆرانی(عەزیزم هەی یار) كە ئاوازی فۆلکلۆرە.
ساڵی ٢٠٠٢ دا هونەرمەند (كەریم كابان) یەكێك بوو لەو گۆرانیبێژانەی، كە لەگەڵ تیپی مۆسیقای سلێمانیدا، بەشداری چەشنواری دووەمی موزیكی كوردی كردووە لە شاری سنەی پایتەختی ڕۆژهەڵاتی كوردستان.
كەریم كابان، هونەرمەندێكی مەزنی میللەتەكەمانە، تەمەنێكی دوورو درێژی بەسەر بردووە، لە خزمەتی هونەری كوردیی، لە بواری گۆرانی وتندا. كە دەتوانین بڵێین خاوەنی تایبەتمەندی هونەری خۆیەتی و ستایلێكی زۆر شیرین و جوانی هەیە، لەگۆرانی وتندا، كە هەر زوو دەچێتە دڵی بیسەرانییەوە، بۆیە ئاشكرایە لە سەرجەم كوردستانی گەورەدا، عاشقانی دەنگی ئەم هونەرمەندە، زۆرن و ناوبانگەكەی هەموو لایەكی گرتۆتەوە!
كابان، دەرچووی هیچ دامەزراو ناوەندێكی هونەری نەبووە! بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، خاوەنی چەند ئاوازێكی دانراوی جوان و باڵایە. دەنگێكی بێخەوش و بێگەردو مۆسیقی و پاكی هەیە، ئاوازو بەرهەمە ناوازەكانی بە پەنجەی دەست ئەژمار دەكرێت.
لە ئاوازەكانی هونەرمەند (خۆزگەم بەپار، ئاواتی دووری، لە ڕێی دڵداریدا، خەنەبەندان، نازانم چۆن خۆشم ویستی، یاران وەسیەتم، شەو، ڤینۆس، درزی پەچە، دۆستی دێرین، بیرت دەكەم) ئەم سیانەی دووایی بە دەنگی خۆی نەیچڕیون) ئەم ئاوازانەشی چڕیوە (خاتوزین لە ئاوازو مۆسیقای سەلاح ڕەئووف. تەمەن، لە ئاوازو مۆسیقای زانا مەحمود هەژار. ئەم ئاوازە فۆلكلۆریانەشی بەستایلی خۆی چڕیوەتەوە (یار جوانە، ئەرێ مێولێودیلێژە، ئەی یار، ئەمبەرەوبەرە، تەماشای خاڵی سەر ڕوومەتی، گوڵاڵە سورە، ئەرێ هۆ كاڵێ...)
بەداخەوە ئەم هونەرمەندە هەست ناسكە جوانەی كوردستان، لەبەرە بەیانی رۆژی ١٤/١/٢٠١٦ كاتژمێر ٢٠/٥ خولەك دڵە گەورەكەی لە لێدان كەوت و ماڵئاوای یەكجاری لێكردین.