photo1719690990
ئەنوەر عومەر محەمەد (ئەنوەر قەرەداغی)

ئەندامی کارا

زانیاری ئەندام :
  • بەرواری بوون :01/06/1946
  • شوێنی بوون :سلێمانی (هەڵەبجە)

دەربارەی ئەندام :

ساڵى ١٩٤٦ لە شارى هەڵەبجە هاتوەتە دنیاوە  لە خێزانێکى ئاینى
وەسەرتاى مناڵی خراوەتە بەر حوجرەى فەقێیان لە مزگەوتى پاشا،بەڵام زۆر بەردەوام نەبووە،کاتێک قوتابخانەى دووەم کرایەوە لە گەڵ براکانی چونەتە (مەکتەب) لە پۆلى یەکەمەوە دەستی پێ کرد.
ساڵى ١٩٥٤ ماڵیان ئەگوازنەوە بۆ ناو شارى سلێمانى و لەوێ لە پۆلى سێیەمى قوتابخانەى (فەیسەلیەى ) ئەو کاتە کە قوتابخانەى پێشکەوتنى ئێستایە خوێندنى سەرەتایی تەواو دەکات و لەو سەردەمانەدا لە تاقمى سروودى قوتابخانە هەڵیدەبژێرن چونکە دەنگی زۆر باش ئەبێت لەکاتی وتنەوەی سروودەکانا، مامۆستا (ولێم یۆحەننا) کە تازە لەوکاتەدا دامەزرابوو دای ئەنێت لە تیپی سروودی قوتابخانەدا ، هەر رۆژێک ریزبونایە  ئەهاتنە دارەوە بۆ وتنەوەی سروودو قوتابیەکان گوێیان لێ ئەگرتن

دواتر قۆناغى ناوەندی تەواو دەکات لە ناوەندى سلێمانى.
پاشان لەبەر ئاڵۆزى ژیان دەچێتە قوتابخانەى مامۆستایان و بەسەرکەوتویی بە پلەى یەکەم ٢٦\١٠\١٩٦٤  تەواودەکات ودەبێت بە مامۆستا لە دێی (کەڵەکن)کە نزیک شاری سلێمانیە.
هەر لە قوتابخانەى مامۆستایاندا بەسەرپەرشتی مامۆستا (ولێم یۆحنا)فێرى لێدانى هەندێ ئامێری مۆسیقا دەبێت و دواتر لە سەر ئامێری کەماندەمێنێتەوە ولەوێ هەوڵ و تەقەلایەکى باش دەکات ، مامۆستا ولیه‌میش كه‌ ده‌زانى توانای باشه‌ زۆر هه‌وڵى له‌گه‌ڵدا ئه‌دا وكه‌م ته‌رخه‌م نابێت له‌گه‌ڵیدا .له‌ پۆلى سێى قوتابخانه‌ى مامۆستایان بە ئامێری کەمان ئه‌و نۆتانه‌ی ئەژەنی كه‌مامۆستاكه‌ی خه‌ریكى بوو زۆربه‌ى زۆرى گۆرانیه‌ كوردى و عه‌ره‌بیه‌كان و فارسى و توركی  ئەژەنی ئه‌م جۆره‌ژه‌نینه‌ میّشكى زۆر ده‌وڵه‌مه‌ند دەکات به‌ زانیارى مۆسیقا به‌تایبه‌ت كه‌ به‌ نۆته‌ ده‌ینووسیه‌وه‌ وئەی هێنا بۆ مامۆستا ولیه‌م و ئه‌ویش هه‌مان ده‌نگى لێ ئه‌دا گه‌ر هه‌ڵه‌یه‌كیشى تیا بوایه‌ بۆی دەستنیشان دەکردو پێی دەوت خۆت هەڵەکە بزانە چیە چاکی کە.
پاش دووساڵ ئەگوازرێتەوە بۆ چالاکی هونەری قوتابخانەکانی سلێمانی بۆ سەرپەرشتی کاری هونەری موزیک لە قوتابخانەکانی شاری سلێمانی
له‌ چالاكى قوتابخانه‌كانى سلێمانى راهێنه‌رى هونه‌رى مۆسیقا بووە و سه‌رپه‌رشتى هه‌موو قوتابخانه‌كانی كردووه‌ له‌بوارى موسیقاو سروودو گۆرانى و چه‌ندین تیپى سروودی دروست كردووه‌ وقوتابیانی فێرى سرووده‌ نیشتمانیه‌كان كردوه‌ له‌ گه‌ڵ ئاوازه‌ میللییه‌كانداهه‌موو ئه‌و سروودانه‌شی به‌نۆته‌ى مۆسیقا نوسیوه‌ته‌وه‌ و دابه‌شی كردووه‌ به‌سه‌رهه‌موو قوتابخانه‌كانى كوردستان و عێراق له‌ رێى چالاكى قوتابخانه‌كانه‌وه کە خۆی بە ئامێرێکی چاپی ئەو سەردەمە لەسەر ستێنسڵ دەینوسی یەوە و بە رۆنیۆ رای دەکێشا و دەینارد بۆ هەموو پەروەردەکانی عیراق پاش ماوەیەک رایان گرت لە وەزارەتەوە تەنها بۆ شارە کوردەکانیان دەنارد‌. 
ساڵى ١٩٦٥ و١٩٦٦ دووخولى فێر بوونى مۆسیقا کرایەوە لە چالاکى هونەرى  هەردوو ساڵەکە سەرپەرشتیارى خولەکەبووە.
هه‌ر له‌ ساڵى ١٩٦٤ تیپى مۆسیقاى ( كۆمه‌ڵى خۆشى و به‌ختیاری )و دوا تر  تیپى مۆسیقاى (هیوا)ی به‌ هاوكارى هاوه‌ڵه‌كانی دروست دەکات و به‌رهه‌مەکانیان له‌ رادیۆى كوردى له‌ به‌غداوه‌ بڵاودەكرایه‌وه‌ كه‌ له‌ ستۆدیۆ یه‌كى خنجیلانه‌ کە له‌ چالاكى قوتابخانه‌كان دروستی كردبوو تۆماری كردبوو , دواتر ٢٣\٢\١٩٦٧ بوو به‌ تیپى مۆسیقاى سلێمانى كه‌  سەرۆکی دەستەی دامەزرینەری بووەو بەردەوام تا ساڵی ٢٠٠٨ وەک سەرۆکی ئەو تیپە یان بەرێوەبەری هونەری و رابەری تیپەکەی کردووە ئیسته‌ش به‌ چالاكیه‌ جوانه‌كانى به‌رده‌وام به‌رهه‌مى جوان پیشكه‌ش به‌ كۆمه‌ڵ ده‌كات .
لە دەستەی دامەزرێنەرانى تیپى نواندن و مۆسیقاى سلێمانی بووە  ساڵى ١٩٦٩.
ساڵی ١٩٧٠ هاوسەرگیری کردوەو دوو کوڕو کچێکی هەیە .
ساڵى ١٩٧١ گوازراوەوتەوە بۆ بەڕیۆەبەرێتى چالاکى هونەرى لە زانکۆى سلێمانى وەک لێپرسراوى بەشى مۆسیقا و تیپى زانکۆى سلێمانیی درووست دەکات،هەروەها تیپى میللى زانکۆ دروست دەکات ،کە سەر بە مەڵبەندى رۆشنبیرى زانکۆ بوو.
لەساڵى ١٩٧٣ بەشدارى فێستیڤاڵى لاوانى جیهانیی کردووە و رۆڵێکى گرنگی لەو فێستیڤاڵدا بینیوە .
ساڵى ١٩٧٤ پەیوەندی بە شۆرشى ئەیلولەوە کردووە لەوێ تیپى مۆسیقاى شۆرشیان دروست کردووە.
دواى گەرانەوەلە شۆرشى ئەیلول دوورخراوەتەوە بۆ شارى سەماوە لە خوارووى عێراق بۆ ماوەى دوو ساڵ، لەو ماوەیەدا تیپى مۆسیقاى پەروەردەى سەماوەی بۆ چالاکى قوتابخانەکان دروست کردووەو لە فێستیڤاڵەکاندا پلەی یەکەمیان هێناوە لە خوارووى عێراقدا . پاشان گەراوەتەوە بۆ زانکۆى سلێمانى وەک کارەکەى خۆی بە لێپرسراوی بەشى مۆسیقاو لە ناو زانکۆدا چەندین تیپى مۆسیقاو گۆرانیی درووست کردووە لەگەڵ کردنەوەى خولى فێربوونى مۆسیقا بۆ خوێندکاران،  تا سالى ١٩٨١ کە زانکۆى سلێمانى گوێزرایەوە بۆ هەولێر.
لە دامەزرێنەرانى پەیمانگەى هونەرە جوانەکانى سلێمانیە هەروەها پاش گواستنەوەى زانکۆى سلێمانى هاتوەتەوە بۆ پەیمانگەى هونەرە جوانەکانى سلێمانى و لە بە شى شانۆ مامۆستاى وانەى ( چێژى مۆسیقا و شانۆى گۆرانى و جووڵى ئیقاعى وەرزشى شانۆیی) بووە . دواتر بەشى مۆسیقای دامەزراند و بوەتە سەرۆکى بەشى مۆسیقا تا ساڵی ١٩٩٨.
هەر لە پەیمانگەى هونەرە جوانەکان ساڵى ١٩٨٥ ناردوویانە بۆ تورکیا بۆ زەمالەیەکى تدریبى لە کۆنسەرفتوارى ئەزمیربۆ ماوەى چل رۆژ بۆ سوود وەرگرتن لە شێوەى خوێندنى ئەو کۆنسەر فتوارە
لە پەیمانگەى هونەرە جوانەکان کراوەتە ئەندامى لێژنەى پرۆگرامى خوێندنى بەشى مۆسیقا لە هەموو پەیمانگاکانى عێراقدا.
یه‌كێك بووە له‌ دامه‌زرێنه‌رانى ته‌له‌فزیۆنى گەلی کوردستان  وبه‌ڕێوه‌ به‌رى هونه‌ری بووە  له‌سه‌رەتاى دروست بونیه‌وه‌  تا ساڵی  ٢٠١١و رۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە پێشخستنی ئەو تەلەفزیۆنە . دواتر کراوەتە راوێژکارى هونەرى لە مەکتەبى ئیعلامى (ى.ن .ک) تا ئێستا.
لە ساڵى ١٩٩٨ دا گوازراوەتەوە بۆ وەزارەتى رۆشنبیرى وەک راوێژکارى هونەرى لە هەمان ساڵدا چووە بۆ سوید وچەندین چالاکى هونەرى لەوێ ئەنجام داوە لەگەڵ هونەرمەندانى کورد  و لەگەڵ هونەرمەندانى سویدى هەر لە سوید بە بۆنەى یادى کیمیا بارانى هەڵەبجەوە فێستیڤاڵێکى گەورەی لە گەڵ کۆمەڵەى هیوا ساز کردووە لە سەنتەرى ستۆکهۆڵم هەموو حیزبە سیاسیەکانى سوید ووتەیان تیادا پێشکەشکردووە . پاش دوو ساڵ گەڕاوەتەوە بۆ کوردستان بەردەوام بووە لەکارى هونەرى تا ئێستا.
چەندین پارچە مۆسیقاى کوردی داناوە لە ئێستگەى کوردى و تەلەفزیۆنى  بەغدا و کەرکوک تۆماری کردوون و پاشان لە رادیۆ و تەلەفزیۆنەکانى کوردستاندا چالاکیەکى بەردەوامی هەبووە تائێستە .هەندیک لە بەرهەمەکانی لە سوید و فرنسا لە لایەن تیپى ئەو ووڵاتانەوە لێدراون بە تیپى چەمبەر میوزیک.
ئاوازی بۆ زۆربەى زۆرى هونەرمەندانى کوردستان داناوەو بەرهەمەکانیانی بۆ تۆمار کردوون لە گۆرانى وسروودى نیشتمانى وئاینى و بابەتى مناڵان.
لە چەندین فێستیڤاڵى هونە رى دا بەشداری کردووە لە ناو عێراق و دەرەوەى عێراقدا بە ئاستێکى سەرکەوتوو.
چەندین ئاوازی بە دەنگى خۆی وتووە لە بابەتى نیشتمانى و ئاینى ومنالان و بابەتى دراما.
چەندین مۆسیقاى فلیمى سینەمایی نووسیوە بۆزۆر لە فلمە کوردیەکان و دوو فلمى سویدى و شانۆییەکى سویدى کە دەورێکى بچووکیشی تیادا بینىوە و فلمیکى هونەرمەند سەلمان فایەق بە ناونیشانى(هەڵاتن) کە بابەتى ئەتروحەکەى بوو بە پلەى یەکەم دەرچوو. هەوروەها مۆسیقاى تەسویری بۆ زۆر لە زنجیرە تەلەفزیۆنیەکوردیەکان ودراماکوردیەکان  داناوە و بۆ زۆریش لە مۆسیقای شانۆییە کوردیەکان.
هەر لە سوید کتێبێکیان  بە هاوکارى براى هەنەرمەند (فەرید عیسا) دەرکردووە کە هەمووى گۆرانی مناڵانە بە سۆرانى بە بادینانى و بە نووسینى کوردى و لاتینى نووسیویانەتەوە لە گەڵ نۆتەکانى کە بە تایبەت بۆ مناڵانی کوردە لە هەندران.
لە سوید نووسەر( د. فایەق سەعید) کتێبێکى لەسەر ژیانى  نوسیوە لەژێر ناوى (حەوت رۆژ لە گەڵ قەرەداغى دا )دەسگاى سەردەم بۆى چاپ کردووە .
چەندین بابەتى نووسراوی لە گۆڤارو رۆژنامەکوردى وعەرەبیەکان بڵاو کردووەتەوە لە سەر مۆسیقاى کوردى و رەوتى مۆسیقاى کوردى.
چەندین رۆژنامە نووس و رەخنەگران بە شێوەیەکى جوان لە سەر تواناى هونەری و کارەکانی بە باشى نووسیویانە، چ بە کوردى چ بە عەرەبى و ئینگلیزى و سویدى.
لە بوارى کارى رادیۆوتەلەفزیۆنی دا گەلێک بەرنامەو بەرهەمى هونەرى بە  ئامادەکردن یان دەرهێنان یان کارى تەکنیکى ئەنجام داوە بۆ خۆی و هونەرمەندان.
خاوەنى ستۆدیۆ یەکى تایبەت بە خۆیەتی کە سەدان بەرهەمى هونەرى بۆ هونەرمەندانى ئەم شارەو دەرەوەى ئەم شارەی تیا تۆمار کردووەو چ لە ئاوازى خۆی یان ئامادەکردن یان دابەشکردن بۆ کارەکانیان.
پتر لە دوانزە کۆراڵی هەیە کە لە رێگەى پەیمانگەى هونەرەجوانەکانى سلێمانى و تیپى مۆسیقاى سلێمانى ئەنجامی داون لە سەر شانۆ ولەرێی تەلەفزیۆنەوە بە تۆمار کراوى لە ستۆدیۆى تیپى سلێمانى و ستۆدیۆکەى خۆی لە ماڵەوە دوا کۆراڵی (لاس و خەزاڵ .هەڵسانەوەى هەڵەبجە.ئەنفال.هەوارى هەلًەبجە )

زۆربەى زۆرى سروودە نیشتیمانیەکانم بەشێوەیەکى جوان تۆمارکردووەتەوەلە سەر سی دی
بابەتى زۆری نووسیوە کە بڵاوکراونەتەوە لە گۆڤارو رۆژنامەکاندا لەسەر مۆسیقاى کوردى.
پێنج تابلۆى هەڵپەڕکێی هەیە کە هەندێکیان لەکەناڵە تەلەفزیۆنەکانى کوردستان بەردەوام لێ ئەدرێن.
دامەزرێنەرى (ئۆرکستراى نیشتمانی) ە لەگەڵ برای هونەرمەند عادل حەمە کەریم و بەڕێوەبەرى تیپەکە بووە، تا چەندساڵێک کە لە ساڵى ٢٠٠٢ وە دامەزراوە.
دامەزرێنەرى (گرووپى کیژانى سلێمانی) ە کە لەم دواییەدا دروست بووە لە ساڵى ٢٠٠٣ وە. سەرپەرشتیاری گرووپەکەیەو تا ئێستەش.
ئاواز دانەرێکی لە شێوازى میللى و ئاسایی و ئۆرکسترالى.
توانی رۆڵێکى باش ببینێت لە گواستنەوەى مۆسیقا لەسەر جادەو ماڵان بۆ سەر شانۆو ستۆدیۆکان.
یەکەم کەس بووە کە بیرۆکەى دامەزراندنی ستۆدیۆی لەم شارەدا (سلێمانى) لە ڕێى چالاکیەکانى تیپى مۆسیقاى سلێمانى و تیپى مۆسیقاى زانکۆوە ئەنجام دا.
دەیان بگرە سەدان خوێندکار لە بوارى مۆسیقادا لە  ژێردەسی دەرچوون و ئێستاش رۆڵى چاکیان هەیە لە گۆڕە پانى مۆسیقاى کوردی دا چ لەم شارەدا یان لە شارەکانى ترى کوردستان .
هاریکاى زۆر لە هونەرمەندان و تیپە هونەریەکانى ئەم شارەو شارەکانى ترى کوردستانی کردووەلە رێگاى ئاواز دانان بۆیان یان ئامادەکردنى بەرهەمەکانیان یان کار ئاسانى .
دەیان جار خەڵات کراوە بەرامبەر خزمەت و چالاکی لە بوارى هونەرى کوردى دا لە سەر ئاستى عێراق و هەرێمى کوردستان.دواتریان خەڵاتى سەرۆک کۆمارى عێراقى فیدراڵ بووبەرێز(مام جەلال)
ئەندامى گۆنگرەى نیشتمانى عێراقی دواى ئازاد کردنى عێراق ساڵی ٢٠٠٣
راوێژکارى هونەری بووە لە ئەنجومەنى وەزیران بۆ ماوەى زیاتر لە پێنج ساڵ و سکرتێرى یەکێتیى هونەرمەندانى کوردستان بووە بۆ ماوەى پتر لە چوار ساڵ و دواتر ئەندامى ئەنجومەنى باڵاى رێکخراوى هونەرمەندانى کوردستان و لە پەیمانگەى هونەرەجوانەکانى سلێمانى تا ساڵى  ٢٠٠٧ بەردەوام بووم لە وانە ووتنەوە  .
تۆمار کردنی سروودی ئەی رەقیب و مەشخەڵان کە لەگەڵ ئۆرکێسترای هەنگاریا تۆماری کردەوە بە توانایاکی باش .
چەندین رێزلێنانی تیپی مۆسیقای سلێمانی 
خەڵاتی فێستیڤاڵی لاوانی جیهان لە بەرلین ساڵی ١٩٧٣
بروانامەی مەڵبەندی پێشمەرگە دێرینەکانی کوردستان.
خەڵاتی رێزلێنان لە فێستیڤاڵی یەکەم قوبانچی ساڵی ٢٠٠٥ لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیری عێراقەوە
خەڵاتی بلە لەلایەن رێکخراوی  ئیبراهیم ئەحمەد فاوندەیشن وە.
چەندین خەڵات و رێزلێنان لە چەشنەوارەکانی رۆژهەڵات کە ساز دەکران لەشارەکانی کوردستانی رۆژهەڵات
چەندین خەڵاتی سەندیکای هونەرمەندانی عێراق و سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان
بروانامەی باشترین داهێنەری موزیکی  لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیریەوە پێ بەخشراوە ساڵی ٢٠٠٥
لە زۆربەی زۆری فێستیڤاڵی بەدرخان بەشداری کردووە لەناوهەرێم و دەرەوەی هەرێم
لەزۆر لە کۆڕ و سمیناری هونەری لە هەرێم ولە فەرەنسا و لە تورکیا و لە ئێران بەشداری کردووە.
رێزلێنانی ناوەندی راگەیاندنی رۆشنبیری عێراقی.
رێزلێنانی تەلەفزیۆنی کەرکووک بۆ ئەو ساڵانەی کە چەندین بەرهەمی هونەریی تیادا پێشکەش کردووە.
رێزلێنانی دەزگای نێودەوڵەتی پەیمانگای (ئەلەتیک)
رێزلێنانی ناوەندی فەرهەنگی هونەری (ڤەژین )لە مەریوان لە کۆنگرەی مۆسیقای هەورامی.
بروانامەی( لەپزێرین) لە ناوەندی (هونەری نامۆ) لەسوید پێبەخشرا ٢٠١٨
یەکێک بووە لەوانەی کە (شکۆنامەی) زانکۆی سلێمانیم پێ بەخشرا .
بروانامەی کۆنگرەی ناودارانی کوردم لە ئێران پێ بەخشرا ساڵی ٢٠١٩.
بروانامەی خەڵاتی داهێنانی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێ بەخشرا ساڵی ٢٠٠٤.
بروانامەی رێزگرتن لە کارەکانی لە لایەن یەکێتی نێو دەوڵەتی موزیک زانانی عەرەبم پێ بەخشرا لە سلێمانی لە ئاهەنگێکی قەشەنگدا ساڵی ٢٠٢١.
بروانامەی تاجی رێز و وەفا لەلایەن رێکخراوی رۆشنبیرانی کورد و بەریتانیا٢٠٢١.
چەندین رێزلێنان لە لایەن جێگری سەرۆکی هەرێم وسەرەک وەزیران و وەزیری رۆشنبیری ومیدیاکانی کوردستان و وجگە لەمانەش بەدەیان رێزلێنان و بروانامەی لە لایەن لایەن و  وکەسایەتیەکانەوە پێشکەش کراوە.
٢٧\٥\٢٠٢٣ خەڵاتی زێڕینی قەڵای هەولێری پێ بەخشرا لە هەولێر
تۆمار کردنی دوو گۆرانی هونەرمەندی میسری ئەم کلسوم خوالێی خۆش بێت بە دەنگی خانمە هەنەرمەند (داستان عەلی)
زۆری ئەم کارانەی کردویەتی لە بواری هونەری و رۆشنبیری لە ئەرشیفی تایبەتی خۆیدا پاراستویەتی و تائێستەش بەردەوامە لە کار و چالاکی خۆیدا
 

Untitled-3-01