لەیادی پەنجاوهەشت ساڵەی تیپی مۆسیقای سلێمانی دا ووتارێک لە نوسینی سەرۆکی تیپ ( عادل محەمەد کەریم )

  • ئەرشیف Goran
  • بەروار : 2024-06-16 21:54:07
photo1716120765 (1)

 

ساڵیادی دامەزراندنی تیپی مۆسیقای سلێمانی:
ئیمڕۆ (٥٧) ساڵ بەسەر دامەزراندنی تیپی مۆسیقای سلێمانی تێپەڕ دەبێت و پێدەنێتە (٥٨) ساڵەی تەمەنی. بەم بۆنە پیرۆزەوە، گەرمترین پیرۆزبای ئاراستەی گەلەکەمان بە گشتی و بەتایبەت موزیسییانانی کورد و یەکە بەیەکەی ئەندامانی تیپی مۆسیقای سلێمانی دەکەم، کە بوونی ئەم تیپە هێمایە بۆ شارستانییەتی نەتەوەی کورد. 
مافی هەموو تاکێکی کوردە، ئەمڕۆ لە کوردستاندا شانازی بە خۆیەوە بکات و بڵێت من لەو نەتەوەیەم سەڕەرای بوونی زوڵم و زۆرداری وبێ کیانی، نەتەوەکەمان تیپێکی موزیکی هەیە، کە هێمایە بۆ زیندوویی و خەبات و بەرخۆدانی گەلێکی ماف خوراو.
بێگومان ئەم هێما زیندووەش لە خۆوە نییەو باکگراوندێکی فەلسەفی وزانستیی وکلتووری لەپشتە.
گەورە ڕاوێژکاری موزیکی جیهانی(سایمۆن ماندی) لە کتێبی موزیک و جیهانگەرای دەڵێت:(موزیک زۆر لەوە مەزنترە کە بۆ کات بەسەربردن و پڕکردنەوەی کات بەکاربهینرێت، تەنانەت لە وڵاتەکانی دوای قۆناغی پیشەسازیش موزیک یەکەیەکی بەهێزی چوونە ناویەک و یەکگرتنی کۆمەڵایەتی بووە.) لە جیهاندا موزیک بەشێکی پێویستی پێکهاتەی کۆمەڵایەتییە، هەروەها پێگە و بونیادی سەرەکی ناسنامەیە چ بۆ تاک چ بۆ کۆمەڵ هەر لەبەر ئەم هۆیەشە موزیک ڕۆڵێکی بەرفراوانتر لە کات بەسەربردنی هەیە.
لەم ڕوانگەیەوە بۆیە موزیسیانان و بەهرەمەندانی بە سەلیقە و لێهاتووی تیپی مۆسیقای سلێمانی، هەمیشە ئەدگار، لەسروشت و ئیلهامی نەریتی نەتەوەکەیان هەڵێنجاوە، وەک پەیامبەرێکی ڕاستگۆ،  گۆرانی و مۆسیقایان بە پێویستییەکی حاشا هەڵنەگر بۆ زاخاوی هزری کەسایەتیی کوردیی زانیوە و هەر لەوئاستەشدا بەرهەمە هونەرییەکانیان پێشکەشکردووە.
جیهانی ساکار و خۆشەویستیی و جوانیی - جیهانی ئەوین و دڵداری و گوزارشت لە خەمو ئازارەکانی نەتەوە - ڕەنگاڵەی ئامێرەکان و دەنگەکان، ئەمانە هەوێنی  ئێستاتیکای کارەکانی تیپی مۆسیقای سلێمانین. 
بێگومان سەرجەم کارەکانی ئەم تیپە لە دروشمە زیندوەکەیەوە سەرچاوەی گرتووە. کە(ڕووە و هونەرێکی کوردیی ڕەسەن و هاوچەرخ)ە . هەموو بەرهەمەکان، ئاوێزانی هزری تایبەتی دانەرەکانیانن و لە خۆوە دروست نەبوون، بەڵکوعەقڵێکی مەعریفی هونەریان لە پشتە.
لەم یادەدا بەڕاشکاوی ڕایدەگەیەنین، سەڕەڕای بوونی حکومەتی هەرێمی کوردستانو بوونی وەزارەتێکی تایبەت بە کلتور و ڕۆشنبیری، ئێمەی هونەرمەندان بەگشتی وبەتایبەت هونەرمەندانی بواری موزیک لەمڕۆدا، لەتاریكترین سەردەمی خۆماندا هونەر پراكتیك دەكەین، دۆخی بوونی زەمینە سازی و بازاڕ و بەكاڵا بوونی هونەرێکی بێ ئاست، دوور لە بەهای زانستی و شکۆ و داب و نەریتی کۆمەڵایەتی  و فەرامۆش كردنی هونەری بەبەها و دڵکار، بە تایبەت لە باشوری كوردستان، کە ئێمە بۆ خۆمان پێیدەڵێین: ساتی هەڵکوڕمانی هونەر، کە ئەمەش بۆ ئایندەی کلتوری ڕەسەنی میللەتەکەمان زۆر ترسناکە، بەجۆرێکە هەموو هونەرمەندانی خەمخۆری بێ تاقەت و  وەرەس کردووە.
بەهۆی نەبوونی سیاسەتێکی ڕون بۆ هونەر، لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە بە تایبەت لایەنی پەیوەندیدار، ڕەوتی هونەر ڕێچکە پیرۆزەکەی خۆی ون کردووە، نەبوونی پاڵپشتی دارایی ومەعنەوی، وای کردووە هونەرمەند هەست بەوە بکات، دەست نراوەتە بینە قاقایو لە چاڵێکداین دەنگمان بەکەس ناگات. 
خوێنەری ئازیز دیارە قەیران لەهەر وڵاتێکدا هەبێت کاریگەری بۆ سەر گەشەسەندنی هونەر و بەتایبەت تریش بۆ موزیک زیاتر دەبێت، چونکە موزیک و گۆرانی لە ئاشتەوای و وردتر لە (دامەزراوەی و بە دیدی ئاسایشی نەتەوەی و بەرنامە بۆ داڕیژاراو و زەمینە سازی)، باشتر گەشە دەکات.
لەگەڵ بوونی ئەم بەربەستانەشدا. بەڵێن بە ئێوە و گەلەکەمان دەدەین  لەسەرو توانای خۆمان و بە قوربانیدان نەهێڵین ئەم سومبولە جوانەی هونەری کوردستانمان بنەوێت، لە گەڵ ئەم بەربەستانەش لە ئێستادا چوار بەرهەمی تۆمارکراوی نوێمان ئامادەیە بۆ کلیپ و چەندین بەرهەمی هونەری ناوازەی تریش لە هەگبەی ئەندامە دڵسۆزەکانی ئەم تیپەدان، ئەم تیپە دەبوو ئێستا دامەزراوەیەکی هونەری تەواو باڵا دەست بوایە و ناوەندی پەیوەندیدار بە حوکمی ئەزموونو مێژووی تیپەکە پێویست بوو بە هەندەوە گوێی لە داواکارییە هونەرییە ڕەواکانی ئەم تیپە بگرتایە!!
جێی خۆیەتی لێرەوە پڕ بەدڵ سوپاسێکی گەرمی هەموو ئەوانە بکەین کە هەر لە سەرەتایی دامەزراندنی ئەم تیپەوە تا ئیمڕۆ مەعنەوی ومادی پاڵپشتمان بوون لە (جەماوەری ئازیزی کوردستان، كەسایەتی، كۆمپانیا، مێدیا، هەندێک ڕێکخراوی حکومی و ناحکومی، سۆشیال مێدیا و هەموو بیستەرانمان لە كوردستان و دەرەوەی كوردستان).
لێرەوە سەری ڕێز و نەوازش بۆ هونەرمەندانی کۆچکردوی تیپ دائەنەوێنین، هەروەها هیوای تەمەن درێژیش بۆ مامۆستا ئازیز و ئەندامە دێرینەکانی ئەم تیپە دەخوازین  پێیان دەڵێین: بەڕاستی ئازایەتی و جوامێری و بەهرەمەندی و توانا و سەلیقە و لە خۆبردووی ئێوەیە، ئەم بناغە پتەوەتان بۆ هونەری کوردی داڕشت. کە ئێستا ئێمەی هونەرمەندان و نەتەوەیەک شانازیتان پێوە دەکەین.

photo1716120812 (2)
ئەرشیف
Recent Activities
IMAGE 2023-09-21 01:29:46
جەژنی نەورۆز

11/11/2023 12:00:00

Untitled-3-01